img
20/05/2013 , 06:55 ص

ڤایرۆسی نویێ كۆرۆنا

هه‌روه‌ك له‌ راپۆرتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دا هاتووه‌ جۆرێكی نوێ له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوه‌ی سالێكه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ووڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست وه‌ك عه‌ره‌بستانی سعودی ، ئه‌رده‌ن ، ئیمارات ، قه‌ته‌ر هه‌وه‌رها بریتانیا و فره‌نساش. ئه‌م ڤایرۆسه‌ جۆرێكی تازه‌یه‌ جیاوازه‌ له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنایی ئاسایی تاوه‌كو ئێستا (40) حاڵه‌تی چه‌سپێندراو به‌ تاقیگه‌ تۆماركراوه‌ و زۆربه‌یان له‌ ووڵاتی سعودیان هه‌روه‌ها له‌ ئه‌رده‌ن (2) قه‌ته‌ر(2) به‌ریتانیا (2) ئیمارات (1) فره‌نسا (1) كه‌ (20) نه‌خۆش به‌ هۆیه‌وه‌ مردوون وه‌ زۆربه‌ی نه‌خۆشه‌كان له‌ ره‌گه‌زی نێرن و ته‌مه‌نیان (24-94)ساڵه‌ تاوه‌كو ئێستا رێگاكانی گواستنه‌وه‌ی زۆر ئاشكرانیه‌ كه‌ ئایا له‌ ئاژه‌ڵ بۆ مرۆڤ ، مرۆڤ بۆ مرۆڤ یان له‌ رووه‌كه‌كانه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌ به‌ڵام به‌ هۆی كه‌می ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان (40) نه‌خۆشه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ پێده‌چێت گواستنه‌وه‌ی هێواش و سنووردار بێت وه‌ تاوه‌كو ئێستا ته‌نها گواستنه‌وه‌ی نێو نه‌خۆشخانه‌كان و نێو هه‌مان خێزان تۆماركراوه‌. له‌ ئێستادا رێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسێكه‌ ته‌نها به‌ هۆی به‌ریه‌ك كه‌وتنی نزیك و ماوه‌ درێژ ده‌بێت له‌ رێگه‌ی ده‌ردراوه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌.
بۆ خۆپاراستن هه‌مان رێو شوێنه‌كانی ئه‌نفله‌وه‌نزای په‌تایی ده‌گرێته‌ به‌ر. وه‌ك زوو زوو شوشتنی ده‌ست به‌ ئاو و سابوون... هتد
تاوه‌كو ئێستا هیچ كوتانێك نیه‌ دژی ڤایرۆسه‌كه‌ وه‌ چاره‌سه‌ریش ته‌نیا به‌ رێگه‌ی چاره‌سه‌ری یاریده‌ده‌ر ده‌بێت.
كوشنده‌یی ڤایرۆسه‌كه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ (50%)حاڵه‌ته‌كان كه‌ له‌ (40) نه‌خۆش (20) یان مردوون . نیشانه‌كانی نه‌خۆشی بریتی بوون له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌ ناكاو به‌ كۆكه‌ و هه‌ناسه‌ ته‌نگی، هه‌وكردنی توندی سیه‌كان په‌كه‌وتنی گورچیله‌یه‌ له‌هه‌ندێك حاڵه‌ت سكچوون و ژانی سك هه‌بوون له‌ نه‌خۆشه‌كه‌ .
وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ره‌ڕای چاودێری ووردی بارودۆخی نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و ئه‌و ووڵاتانه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ی تێدا بڵاوه‌، ئه‌م كارانه‌ ئه‌نجلمدران وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ نه‌خۆشیه‌كه‌:-
1. زانیاری دراوه‌ به‌ ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كان بۆ ده‌ست كردن به‌ كاری په‌تاگه‌ری و خێرا دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ونه‌خۆشانه‌ی كه‌ گومانیان لێده‌كرێت.
2. وه‌رگرتنی رێوشوێنی خۆپاراێزی پێویست له‌ ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان.
3. چاڵاكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ ئه‌نفله‌وه‌نزای په‌تایی بۆ دڵنیابوون له‌ گرتنه‌به‌ری رێ و شوێنی پێویست.
 رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایده‌گه‌نێت كه‌ له‌ ئێستادا پێویست ناكات له‌ خاڵه‌ سنووریه‌كان و فرۆكه‌خانه‌كان پشكنین بۆ گه‌شتیاران بكرێت هه‌روه‌ها پێویست به‌ سنوور داركردنی هاتوچۆ ناكات له‌ نێوان ووڵاتان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئێمه‌ش چاودێری بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ین له‌ ڕاپۆرته‌كانی WHOبۆ وه‌رگرتنی هه‌ر رێوشوێنێكی تر له‌ حاڵه‌تی زیادبوونی نه‌خۆشیه‌كه‌.