img
23/11/2011 , 06:07 ص

ڕێنمایی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی كه‌می به‌رگری له‌ش/ ئه‌یدز

  ڕێنمایی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی كه‌می به‌رگری له‌ش/ ئه‌یدز
پاڵپشـت به‌یاسـای  ته‌ندروســتی گشـتی ژماره‌ ( 89)ی ساڵی ( 1981 ) مــادده‌ى (48) / به‌شی سێیه‌م / قـــه‌ڵاچــۆكردنی نه‌خۆشیه‌گوازراوه‌كان ,وه‌ به‌مه‌به‌ستی پێشگیری و كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كه‌می به‌رگری له‌ش / ئه‌یدز بڕیارماندا به‌ده‌ركردنی ئه‌م ڕێنماییانه‌ :

مادده‌ ( 1)
•    بڕگه‌ى یه‌كه‌م :
هه‌موو هاووڵاتیه‌كی عێراقی ئه‌گه‌ر ماوه‌ى مانه‌وه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ (90) نه‌وه‌ت رۆژ زیاتر بوو كه‌ دێته‌ ناو هه‌رێمی كوردستانی عیراق پێویسته‌ سه‌ردانی سه‌نته‌ری پشكنینی نه‌خۆشی كه‌می به‌رگری له‌ش/ئه‌یدز بكات له‌پارێزگاكانی هه‌رێم (پاراستنی ته‌ندروستی )  و پێویسته‌ لایه‌نه‌په‌یوه‌ندداره‌كان له‌ خاڵه‌ سنووریه‌كان و فرۆكه‌خانه‌كان ئاگاداری شاندكراوی عێراقی بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ى (10) رۆژدا سه‌ردانی سه‌نته‌ری پشكنینی نه‌خۆشی كه‌می به‌رگری له‌ش/ئه‌یدز بكات بۆ ئه‌نجامدانی پشكنین بۆ چه‌سپاندنی باره‌كه‌ى.

•    بڕگه‌ى دووه‌م :
  سه‌باره‌ت به‌ شاندی بیانی :
پشت ده‌به‌سترێت به‌و به‌ڵگه‌نامه‌ ته‌ندروستیه‌ فه‌رمیانه‌ى كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ى عێراقه‌وه‌ نێردراون كه‌ماوه‌كه‌ى له‌ (30) سى رۆژ تێپه‌ڕ نه‌بووبێت و تیایدا بسه‌لمێنرێت كه‌ شاندى بیانى پاكه‌ (Negative) له‌تووشبوون به‌ ڤایرۆسى كه‌می به‌رگرى له‌ش/ئه‌یدز و پشت راست كرابێته‌وه‌ له‌لایه‌ن بالوێزخانه‌  یان قونسولگه‌رى عێراق له‌ده‌ره‌وه‌ .

•    بڕگه‌ى سێیه‌م :
شاندكراوى بیانى پشكنینى بۆ ده‌كرێت ته‌نها  له‌سه‌نته‌رى پشكنینى نه‌خۆشى كه‌می به‌رگرى له‌ش/ئه‌یدز له‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان (پاراستنی ته‌ندروستی)  ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌ى ته‌ندروستى باوه‌ڕ پێكراوى پێ نه‌بوو وه‌ك له‌برگه‌ى دووه‌م.

•    بڕگه‌ى چواره‌م :
پشت نابه‌سترێت به‌بڕوانامه‌ى پزیشكى ئه‌و ووڵاتانه‌ى كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ تیایاندا نیشته‌جێیه‌ به‌شێویه‌كى زۆر بڵاو،بۆ ئه‌مه‌ش پشت ده‌به‌سترێت  به‌ دوایین راپۆرتی رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى كه‌ ڕیزبه‌ندی ولاته‌كانی تێدا ده‌ست نیشان ده‌كرێت .

مادده‌ى (2)
لایه‌نه‌په‌یوه‌ندداره‌كان له‌ فرۆكه‌خانه‌كان و خاڵه‌سنووریه‌كان  هه‌ڵده‌ستن به‌ مۆركردنى پاسه‌پۆرتى شاندى بیانى به‌مۆرێكی تایبه‌ت به‌مانه‌وه‌ و ئاگاداركردنه‌وه‌ى شاندكراو بۆ سه‌ردانیكردنى سه‌نته‌رى پشكنینى نه‌خۆشى كه‌می به‌رگرى له‌ش/ئه‌یدز  ئه‌گه‌ر ماوه‌ى مانه‌وه‌ى له‌ (10) ده‌ رۆژ تێپه‌ڕى كرد (به‌پێى مۆره‌ تایبه‌تیه‌كه‌).

مادده‌ى (3)
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی نشینگه‌ له‌پارێزگاكانی هه‌رێم و  لایه‌نه‌په‌یوه‌ندداره‌كان له‌ خاڵه‌ سنوریه‌كان و فرۆكه‌خانه‌كان پێویسته‌  ڕێوشوێنی پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ دڵنیابوون له‌ ئه‌نجامدانی پشكنین بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ى كه‌ ده‌چنه‌ده‌ره‌وه‌ى وولات  و ئه‌وانه‌ى مادده‌ى (1) برگه‌ى(1 , 2 )  و مادده‌ى (2) ش ده‌یانگرێته‌وه‌ , به‌ تێبینی كردنی بوونی مۆری سه‌نته‌ری پشكنین به‌پاسه‌پۆرته‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ به‌رواری پشكنینه‌كه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت ,  ئه‌گه‌ر تێبینی ئه‌وه‌كرا كه‌ پشكنینه‌كه‌ى ئه‌نجام نه‌داوه‌ ئه‌وا ڕه‌وانه‌ى بنكه‌ى ته‌ندروستی خاڵی سنووری یان فرۆكه‌خانه‌كان ده‌كرێت بۆ پشكنین.

مادده‌ى (4)
•    بڕگه‌ى یه‌كه‌م :
سه‌رپێچیكارانی مادده‌ى (3) دوای وه‌رگرتنی نموونه‌ى خوێن لێیان  سزا ده‌درێت به‌بڕى 50000 په‌نجا هه‌زار دینارى عێراقى ئه‌گه‌ر هاووڵاتى عێراقى بێت وه‌ 125 سه‌د و بیست و پێنج یۆرۆ (یان هاوتاكه‌ى به‌ دراوه‌كانی تر)  ئه‌گه‌ر بیانى بێت و  له‌كاتى دووباره‌كردنه‌وه‌ى سه‌رپێچیه‌كه‌ ئه‌وا سزاكه‌ ده‌بێته‌ دوو هێنده‌.

•    بڕگه‌ى دووه‌م :
ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیارانی خاڵه‌ سنووریه‌كان و فرۆكه‌ خانه‌كانه‌ كه‌ سزاى برگه‌ى یه‌كه‌می ئه‌م  مادده‌یه‌ بچه‌سپێنن و له‌كاتى پابه‌ند نه‌بوونی لایه‌نی سه‌رپێچیكار به‌له‌ئه‌ستۆ گرتنی بڕی پاره‌ى دیاریكراوی سزاكه‌ , پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ى دادگاوه‌ كێشه‌كه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ .

•    برگه‌ى سێیه‌م :
كاتیك شانده‌كه‌ عێراق به‌جێده‌هێلێت ئه‌نجامی پشكنین و بروانامه‌كه‌شی كه‌ خاوێنی له‌ ئه‌یدز ده‌رده‌خات كاری پێناكرێت

•    برگه‌ى چواره‌م :
هه‌ر (90)نه‌وه‌ت رۆژ جارێك پشكنینی وه‌ختاو وه‌ختی بۆ شانده‌ عیراقی و بیانیه‌  هاتوچۆكاره‌كانى هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت , مه‌به‌ستیش له‌هاتووچۆكار ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌وا به‌لایه‌نی كه‌می له‌ماوه‌ى (90) رۆژدا دووجار گه‌شت ده‌كه‌ن.

•    بڕگه‌ى پێنجه‌م :
دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی كوردستان كاری خۆپارێزی پێویست ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئاگاداری شانده‌كه‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی  نشینگه‌ و پاسه‌پۆرت له‌پارێزگاكانی هه‌رێم ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو پۆزه‌تیڤ بوو له‌ ماوه‌ى پێنج رۆژ له‌ ده‌رچوونی ئه‌نجامه‌كه‌.

•    بڕگه‌ى شه‌شه‌م :
ئه‌و شاندانه‌ى كه‌ بانگ كراون به‌داخوازینامه‌ى فه‌رمی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق و ئه‌و رێكخراوه‌ نێو ده‌وله‌تیانه‌ى كه‌له‌ كوردستان و عێراق كارده‌كه‌ن , ئه‌گه‌ر هاتوو مانه‌وه‌كه‌یان له‌ (15) رۆژ كه‌متربوو پشكنینی ئه‌یدزیان بۆ ناكرێت , داخوازینامه‌كه‌شیان به‌نووسراوێكی فه‌رمی پشتگیری كرابێت له‌لایه‌نی حكومی یان رێكخراوه‌ نێوده‌وله‌تیه‌ داخوازیكاره‌كه‌وه‌.

مادده‌ى (5) :
وزاره‌تى ته‌ندروستى تێچووى پشكنین بۆ ڤایرۆسى كه‌می به‌رگرى له‌ش/ئه‌یدز دیارى ده‌كات به‌م شێوه‌یه‌:
1-     3000 سێ هه‌زار دینارى عێراقى بۆ هاووڵاتیانى عێراقى و قوتابیانى نیشته‌جێى هه‌رێم.
2-    31500 سى و یه‌ك هه‌زارو پێنج سه‌د دینار بۆ بیانیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی پشكنینه‌كانی (HIV + HBV + HCV )بۆی.

مادده‌ى (6) :
دابه‌شكردنى ئه‌و داهاته‌ى كه‌ له‌ئه‌نجامى پشكنین بۆ ڤایرۆسى كه‌می به‌رگرى له‌ش/ئه‌یدز ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌م شێوه‌ى خواره‌وه‌ ده‌بێت:
-     40% بۆ گه‌شه‌پێدان
-    40% هاندان بۆ كارمه‌ندانی یه‌كه‌كانی ته‌ندروستی و تاقیگه‌ى شاندكراوه‌كان
-    20% داهاتی كۆتایی بۆ حكومه‌ت
 
مادده‌ى (7) :
•    بڕگه‌ى یه‌كه‌م :
             ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ له‌ پشكنین ده‌به‌خشرێن.
-    سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
-    سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى .
-    سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگره‌كه‌ى و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان
-    وه‌زیره‌كان و ئه‌وانه‌ى به‌ پله‌ى وه‌زیرن.
-    بریكاری وه‌زیره‌كان و به‌رێوه‌به‌ره‌گشتیه‌كان و ئه‌وانه‌ى پله‌ى تایبه‌تیان هه‌یه‌   
-     هه‌موو باڵوێزه‌كان و ئه‌ندامانی نوێنه‌ره‌ دیبلۆماسی و قونسولگه‌ریه‌كان و ئه‌وانه‌ى به‌ پاسه‌پۆرتی دبلۆماسی كارده‌كه‌ن له‌ رێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌هه‌رێم  
-    هه‌موو حاجیه‌ موسولمانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و بیانیه‌كان پشكنینی ئه‌یدزیان بۆ ناكرێت

•    بڕگه‌ى دووه‌م :
           ئه‌و ته‌مه‌نانه‌ى خواره‌وه‌ش له‌شانده‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و بیانیه‌كان پشكنینی ئه‌یدزیان بۆ ناكرێت
-    ئه‌و شانده‌ نێرینه‌یه‌ى كه‌وا ته‌مه‌نی له‌ (60) ساڵ زیاتره‌
-    ئه‌و شانده‌ مێینه‌یه‌ى كه‌وا ته‌مه‌نی له‌ (50) ساڵ زیاتره‌
-    ئه‌و مناڵانه‌ى كه‌وا ته‌مه‌نیان له‌ (14) ساڵ كه‌متره‌ (نێر و مێ)
        دیاریكردنی ته‌مه‌ن ته‌نیا له‌سه‌ر بنچینه‌ى ساڵه‌






•    بڕگه‌ى سێیه‌م :
ده‌كرێت پشكنینی كه‌می به‌رگری له‌ش/ئه‌یدز  بۆ هه‌موو كه‌سێك بكرێت كه‌ له‌وانه‌یه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ دروست بكه‌ن له‌سه‌ر ته‌نینه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌كه‌ ئه‌مانه‌ش رێنماییه‌كانی سه‌ره‌وه‌ نایان گرێته‌وه‌ و پێویسته‌  خوێنیان لێ وه‌ربگیریت له‌بنكه‌ى ته‌ندروستی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى سنووری به‌مه‌به‌ستی پشكنین.

مادده‌ى (8) :
•    برگه‌ى یه‌كه‌م :
          وه‌زیرى ته‌ندروستى بۆى هه‌یه‌ چاو به‌و سزایانه‌دا بخشێنێته‌وه‌ كه‌ له‌و یاسایه‌دا هاتوون.

•    برگه‌ى دووه‌م :
ته‌نیا وه‌زیری ته‌ندروستی له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی بواردنی كه‌سێكی له‌و پشكنینانه‌و پێداچوونه‌وه‌ى ئه‌و رێنماییانه‌ هه‌یه‌ .